گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی سەجاد ڕەحمەتی‌پوور لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئاودانان

14:44 - 13 پووشپەڕ 2723

سەرکوت، دەسبەسەرکران، هەڕەشە و تۆقاندن، تەقەکردن لە دەست و لاق و سینگی خۆپیشاندەران بە چەکی ساچمەیی و جەنگی و ... بەشێک لەو سەرکوتە سیستماتیک و ئامانجدارەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا کەڵکیان لێ وەرگرتووە.

هێزە سەرکوتکەرەکان بە فیشەکی ساچمەیی، گازی فرمێسکڕێژ، لێدانی باتوم و دار، چەکمە و مست و شەق، سەدان خۆپیشاندەریان بریندار کردووە.

٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، سەجاد ڕەحمەتی‌پوور، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی چاوی چەپی خۆی لەدەست داوە و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی برینداربوونی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی سەجاد ڕەحمەتی‌پوور بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، شەوی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، سەجاد ڕەحمەتی‌پوور لە گۆڕەپانی "بەسیج"ی ئاودانان کە شوێنی ژیان و ماڵی باوکی ناوبراو لەوێیە، لە مەودای ٥٠ میترییەوە سەر و سینگی کرایە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکان و چاوی چەپی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: سەجاد ڕەحمەتی‌پوور لەلایەن خەڵکەوە گوازرایەوە بۆ شوێنێکی ئەمن و بە هۆکاری ئەمنییەتی نەدەکرا کە ببردرێتە نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هەمان شەوی ڕووداوەکە، سەجاد ڕەحمەتی‌پوور لەلایەن بنەماڵە و هاوڕێیانەوە گوازرایەوە بۆ ئەهواز و پاش پشکنینی سەرەتایی بۆ نەخۆشخانەیەک لە تاران ڕاگوێزرا و چاوی چەپی نەشتەرگەریی بۆ کرا.

نابینابوونی چاوی چەپی سەجاد ڕەحمەتی‌پوور؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: لە تاران دوو نەشتەرگەری بۆ بیلبیلە و تۆڕی چاوی سەجاد کرا، بەڵام بە هۆی پچڕانی دەماری ناوەندی و جودابوونەوەی تۆڕی چاو، ناوبراو بینایی چاوی چەپی خۆی بە تەواوەتی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: سەجاد ڕەحمەتی‌پوور، ڕۆژانە بە بەردەوامی ٥ جار دەبێ دەرمان بکاتە چاوییەوە و هیوای بە داهاتووی زانستی پزیشکییە.

سەجاد ڕەحمەتی‌پوور؛

سەجاد ڕەحمەتی‌پوور، کوڕی نوورەڵڵا، لەدایکبووی ١٣٧٦ لە شاری ئاودانان سەر بە شاری ئیلامە.  ناوبراو کارناسی کامپیۆتر لە بەشی نەرم‌ئامێرە و بەهۆی ئەوەی کە نەیتوانیوە لە پێوەندی لەگەڵ خوێندنەکەیدا کار بدۆزێتەوە، ئێستا لە ڕۆنگۆڕییەک لە ئاودانان خەریکی کارکردنە.