تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە خەڵکی "ئاغەرە"ی تیکاب

14:11 - 9 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژ، گرووپێک لە خەڵکی گوندی "ئاغەرە"، سەر بە شاری تیکاب بەمەبەستی دۆزینەوەی کار لە کانگای زێڕی "ئاغەرە" کۆ ببوونەوە، کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزە ئینتیزامییەکان، توندوتیژیی لێ کەوتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم کۆبوونەوەیەدا، سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی "ناسر بەهرامیان"، حوجەت مۆئمێنزادە" و "ئارمین نیکزاد"، بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان بەتوندی بریندار بوون کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ کران.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ئەم ڕووداوە، تێکهەڵچوونێکی توند لە نێوان خەڵکی گوندی "ئاغەرە" و هێزە ئینتیزامییەکان، هاتە ئاراوە.

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٩ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردە سەر گوندی "ئاغەرە" و خەڵکیان دەسبەسەر کرد.

کانگای زێڕی "ئاغەرە"، لە ٣٠ کیلۆمیتریی شاری تیکاب هەڵکەوتووە.