لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا، ١٠٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتاون

21:27 - 4 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی سێ ڕۆژ ئاگرکەوتنەوە (لە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٢ هەتا ١ی گەلاوێژی ١٤٠٢)، زیاتر لە ٤٠٠ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ٥ ناوچەی جیاوازی مەریوان بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست لەلایەن سپای پاسدارانەوە، سووتاوە کە ئەم ئامارە بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوو، بریتی لە سووتانی ١٠٠٠ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی مەریوان بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە ٥ ناوچەی جیاواز و لە ناوچەکانی "پشت مەریوان(پاریک شنە)، هەردی خەڵیفە پشت سێف ژووروو، هەردی کانی میران، هەردی نێ و هەردی کانی پەڵک لە چاوگ"، لەلایەن هێزەکانی حکوومەت و سپای پاسدارانەوە بە شێوەی بەئەنقەست دەستی پێ کرد و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن خەڵکەوە سێ ڕۆژ درێژەی کێشا.

سەرچاوەی کوردپا سەبارەت بە بەئەنقەستبوونی ئاگرکەوتنەوەکان دەڵێ: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٤ جار ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام هەر جار بە چاوی خۆیان بینیویانە کە هێزە ماتۆڕسوارەکان دیسانەوە دەستیان بە ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکان کردووە، هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەم ئاگرکەوتنەوانە سپا و کەسانی سەر بە سپای پاسدارانن کە ئیزن و دەرفەتی لەنێوبردنی دارستانەکانی مەریوانیان پێ دراوە.

بەربڵاوترینی ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە ڕووبەری ٢٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی نێوان سەڵەسی و پێلە بووە کە لە بواری جۆرەکانی گیانداران، شوێنی ژیانیان و دەیان جۆر گیای بەنرخ، لە ناوچە بەنرخەکانی ناوچەکە بە ئەژمار دێن.

ئاگرکەوتنەوە لە نێوان گوندەکانی بەردەڕەشە، میراوا و ساوا یەکێکی تر لە بەربڵاوترین ئاگرکەوتنەوەکان بووە کە نزیک بە ٢٠٠ هێکتار لە دارستانە چڕەکانی ئەم ناوچەیەی لەخۆ گرتووە و بەشێکی زۆری لەنێو بردووە.

 

هەر لەم ماوەیەدا لە ئاگرکەوتنەوەی گوندەکانی نێ، کەلکەجان، ولەژێر، سورێن، قوڵقوڵە و چاوکی لەخۆ گرتووە کە بە هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان کوژراوەتەوە. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە وتی، ناوچەکانی سورێن و قوڵقوڵە لە هاوسنووری کوردستانی عێراقن، هەموو ساڵێک لەلایەن "هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە ئاگریان تێبەردراوە و لەمبارەوە ١٠٠٪ دڵنیایە".

لەلایەکی دیکەوە، لەحاڵێکدا کە بێهزاد شەریفی‌پوور، بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی حکوومەت، باسی لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی مەریوان بە هێلیکۆپتر، هێزەکانی سەرچاوە سروشتییەکان و ناوەندەکانی تر کردبوو، ژینگەپارێزێک لە مەریوان لەمبارەوە بە کوردپای وت: هێلیکۆپترەکان بۆ کوژاندنەوەی دارستانەکانی مەریوان تەنیا "نمایشی، فۆرماڵیتە و بۆ مانۆڕدانە"، ئەم هێلیکۆپترانە ٤٠٠ یان ٥٠٠ لیتر لە ئاوی گولی زرێباریان هەڵگرتووە، دواتریش لە یەک شوێن و یەکجێ بەسەر ئاگرەکەیاندا کردووە کە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نییە یان ئەوەی کە ئاوەکەیان لە دەوری ئاگرەکەدا و لە هێڵێکی ٣٠-٤٠دا دەڕشت کە بە هیچ شێوەیەک توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی نییە. ناوبراو لە درێژەدا وتی، ئەم هێلیکۆپترە تەنیا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و چەند جار لە ئاسمانی دارستانەکانی کانی میران هاتوچۆی کرد کە هیچ کاریگەرییەکی لە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکەدا نەبووە.

بە وتەی ئەم ژینگەپاریزە، هێزەکانی سەرچاوە سروشتییەکان لە ناوچەکەدا بوون، بەڵام بەو شێوازەی کە پێویست بوو، هەوڵیان نەدا و تەنیا لە کاتی دیاریکراودا هاوکاریی هێزە خەڵکییەکانیان دەکرد. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هێشتا هەر هێزە خەڵکییەکان و ژینگەپارێزەکان سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان بە مەبەستی چاوەدێریکردنی دارستانەکان لە ناوچەکەدان و لە سێهەمین ڕۆژی ئاگرکەوتنەوەکەدا ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوانیش بە دامەزراندنی کەمپێک هەوڵی مودیرییەتی ئاگرەکەی دا و هێشتا تیمەکان بە مەبەستی پاراستن و چاوەدێری بەسەر ناوچەکەدا، دەنێردرێنە دارستانەکانی دەوروبەر تاکوو پێش بە ئاگرکەوتنەوەی دووبارەی دارستانەکان بگرن و لەم ماوەیەدا، هیچ هێزێکی سەرچاوە سروشتییەکان لە ناوچەکەدا نەبووە.