سنە؛ دەسبەسەرکرانی ٨ چالاکی کرێکاری لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە
شەوی چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، هاجەر سەعیدی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی، حەبیبوڵڵا کەریمی، خەبات مەحموودی، سیروان مەحموودی و ئێقباڵ پیشکاری لە چالاکانی کرێکاریی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکانە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی هوومەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە زۆر دەسبەسەریان دەکەن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم چالاکە کرێکارییانە بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان باوکی هوومەن عەبدووڵاهییان داوەتە بەر لێدان.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە کرێکارییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هوومەن عەبدوڵڵاهی یەکێک لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە شەوی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە سنە و بە تەقەی هیزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هاجەر سەعیدی، کەماڵ کەریمی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، خەبات مەحموودی، شادمان عەبدی و ئێقباڵ پیشکاری