کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی خەدیجە مێهدی‌پوور لە دادسەرای ئیلام بەڕێوە چوو

14:49 - 27 خاکەلێوه 2723

هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی خەدیجە مێهدی‌پوور، زیندانیی سیاسیی پێشوو لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام بەڕێوە چووە.

لە ڕەوتی ئەم کۆبوونەوەیەدا کە لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شەهرام غوڵامحوسێنی" بەڕێوە چووە، خەدیجە مێهدی‌پوور لە بەرانبەر تۆمەتی وەپاڵدراوی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی و بڵاوکردنەوەی درۆ"، بەرگریی لە خۆی کردووە.

هەواڵدەریی هێرانا لە زاری کەسێکی نزیکی بنەماڵەی مێهدی‌پوورەوە ڕایگەیاندووە: "ناوبراو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کراوە. هەروەها بۆ ماوەی ٦ مانگیش دەبێ هەموو هەموو ڕۆژێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەیوان بناسێنێ."

خەدیجە مێهدی‌پوور ڕەزبەری ١٤٠٠ دەسبەسەر کرا و دواتر بە ٢٠ مانگ زیندان مەحکووم کرا. ناوبراو لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠١، دوابەدوای دەرکرانی بەخشنامەی لێبوردن، ئازاد کرا.

خەدیجە مێهدی‌پوور پێشتریش دەسبەسەر کراوە و حوکم دراوە.