ئیلام؛ هاووڵاتییەک بە زیندان، سزای نەختی و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا

11:00 - 15 رێبەندان 2722

هاووڵاتییەک بە ناوی "مێهدی سادقی"، لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئیلام، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەو شارە، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوەی لە وڵات، مەحکووم کرا.

لە دادگای ئینقلاب‌دا دۆسییەیەکی دیکەش دژی ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان"،"تێکدانی بیروڕای گشتی" و "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی"، وەگەڕ خراوە.

مێهدی سادقی لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و لە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

مێهدی سادقی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کرابوو.