پیرانشار؛ مەلایوونس نەوخا و مەلاسەید سلێمان ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

13:36 - 4 رێبەندان 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی ڕێبەندان، مەلایوونس نەوخا و مەلاسەید سلێمان ئەحمەدی، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدین ئەیووبیی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو مامۆستا ئایینییە لە جاددەی پەسوێ - پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانبار، مەلایوونس لەلایەن لقی ٦ی دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەتی تەوریز، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەسغەر هوشیار" بە زیندان و لێوەرگرتنەوەی لیباسی مامۆستایەتی مەحکووم کرابوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو مامۆستا کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان، مەلا شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی مزگەوتی ڕەسووڵەڵڵای پەسوێی شاری پیرانشار و مەلا سەید جەماڵەدین واژی کوڕی حاجی مامۆستا سەید نوورەدین واژی، کەسایەتیی بەرزی ئایینی لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزراون.