مەلا شەریف مەحموودپوور پاش خوێندنەوەی بەیاننامەی مامۆستایانی پیرانشار لە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان دەسبەسەر کرا

12:19 - 4 رێبەندان 2722

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان، مەلا شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی مزگەوتی ڕەسووڵەڵڵای پەسوێی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزرا.

ئەو مامۆستا کوردە پاش خوێندنەوەی بەیاننامەی مامۆستایانی شاری پیرانشار و دەورووبەری لەهەمبەر لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە، دەسبەسەرکرانی خۆسەرانە، ئەشکەنجەی زیندانییان و داسەپاندنی سزای کەیفەری بۆ ئەوان، بەبێ نیشاندانی حوکمی قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بێڕێزی و بێحورمەتیی پێ کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان، مامۆستایانی شاری پیرانشار و دەورووبەری بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی موحارب و دانە پاڵی تۆمەتی بەغی لە ناڕازییەکان، کە هیچ چەشنە پێگەیەکی شەرعی و یاسایی نییە، داوایان لە فتوادەرەکانی شێعە کردووە کە بێدەنگی خۆیان لەمەڕ بارودۆخە قەیرانئاییەکی ئێران، بشکێنن.

مامۆستایانی شاری پیرانشار و دەورووبەری هەروەها خوازیاری ئازادیی تەواوی دەسبەسەرکراوەکان و داوای لێبوردن کردن لەوان و بنەماڵەکانیان و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە بوون کە لێیان کەوتووە.