سێ هاووڵاتی لە شاری کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

10:49 - 2 رێبەندان 2722

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فرووتەن گورگانی"، "عادڵ ئەحمەدی" و "فەخرەدین فاتحی" خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

فرووتەن گورگانی تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی گوندی "ماراو"، ڕۆژی هەینی ٣٠ی بەفرانبار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانبار، عادڵ ئەحمەدی  لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر  کرا  و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بەفرانبار، فەخرەدین فاتحی، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە، خۆیان دەبوێرن.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان، بێبەری کراون.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو سێ هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.