‌گەمارۆدانی گوندی \"دەرەکێـ\"ی هەورامان، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە

15:44 - 26 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە چەکی قورس و نیوەقورسەوە، هێرشیان کردە سەر گوندی دەرەکێی هەورامانی تەخت و گەمارۆی ئەو گوندەیان دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، زیاتر لە ٢٠ ماشینی هێزە نیزامییەکان، بە چەکی قورس و نیوەقورسەوە، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی \"دەرەکێـ\"ـی هەورامانی تەخت و ترس و دڵەڕاوکێیان خستووەتە دڵی دانیشتووانی ئەو گوندەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە نیزامییەکان بە بیانوونی بوونی هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو گوندە و دەستیان بە لێپرسینەوە و هەڕەشە لە دانیشتووانی گوندی دەرەکێ کردووە.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هێزە نیزامییەکان، زیاتر لە ٢٠ ماشین و هەروەها چەکی قورس و نیوەقورسیان پێ بووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ئەو گوندەیان میلیتاریزە کردووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە فەرماندەی ئەو هێزە، داوای لە دانیشتووانی گوندی دەرەکێ کردووە کە لە ئەگەری بینینی هەر شتێکی گوماناوی یان بوونی ئەندامی هێزە کوردییەکان، دەبێ ئەوان ئاگادار بکەنەوە، ئەگەرنا خۆیان بەرپرسیارن.

لە سەرەتا و دەستپێکی قۆناغی خەباتی نوێی \"حدکا\" بە ناوی \"ڕاسان\"، شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن هێزکانی سپا، بەسیج و هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کەشێکی ئەمنییەتییان بە سەردا زاڵ بووە.

پێشتریش، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕەشەممەی ٩٧، \"عەلی شەمخانی\"، بەڕێوەبەری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی نەتەوەیی حکوومەتی ئێران، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، ڕایگەیاند: \"هەر جۆرە هەوڵێک بۆ نائەمنکردنی سنوورەکانی ئێران، لە لایەن هەر گرووپ یان وڵاتیكەوە، بە هەوڵی دەسپێشخەری و هێرشی توند، وڵام دەدرێتەوە.\"