کۆمیتەی میللی ئاوی سنە، لەمەڕ لێکەوتەکانی ئاوگیریی بەنداوی ژاوە، هۆشداریی دا

پاش هۆشداریی کۆمەڵێک لە پسپۆڕ و کارناسانی بواری ئاو و ژینگه و بڵاوکردنەوەی بەیانییەگەلێک لەبارەی ڕاگرتنی ئاوگیریی بەنداوی ژاوە، دوایین ڕاپۆڕتی ئاوگیریی بەنداوی ژاوە و لێکەوتەکانی لەلایەن کاناڵی میللی کۆمەڵگا و زانکۆ، زانکۆی سنە و کۆمیتەی ئاو بڵاو بووەوە.

لەم ڕاپۆرتە ۲٦ لەپەڕەییە بە خستنەڕووی هۆکاری زانستی و فەنی و پسپۆڕی لەمەڕ ئاوگیریی بەنداوی ژاوە هۆشداری دراوە.

بەشێک لەم ڕاپۆرتە باس لە سیاسەتەکانی بڕیاربەدەستانی حکوومەت و پێویستیی ئاوگیرینەکردنی بەنداوی ژاوە کراوە کە لە ئەگەر ڕانەگرتنی ئاوگیریی ئەم بەنداوە، دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنیی ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی لێ بکەوێتەوە.

ئەگەر ڕژانی زێراو و مەوادی پیسکەرەوە کە دەڕژێتە ناو بەندای ژاوە پاڵاوتە نەکرێت نیترۆژێن و فۆسفۆری ئەو بەنداوە دەچێتە قۆناغێکی باڵای تەغزییە گەرایی.

لێکەوتەکانی تەغزییەگەرایی بریتین لە:

گەشەی لە ڕادەبەدەری جۆرە قەوزەکان، گۆڕینی ڕەنگی ئاوی بەنداو، کەمبوونی تێکەڵبوونی ئۆکسیژێن لەنێو ئاو درووستبوونی بۆنی پیس.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ئەو بەنداوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەی ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنە نێو ئەو بەنداوە زۆر پیسن و بۆنی دێت و ئەگەر ئەو بەنداوە ئاوگیری بکرێت دەبێتە سەرچاوەی پیسی.

لە ئێستاشدا کە بەشێکی زۆر لە وەرزێڕان و باخداران بۆ ئاودانی زەوی و زارەکانیان لەو زێرئاوانە کە دەڕژێنە ناو بەنداوەکە بۆ بەرهەمەکانیان کەڵکی لێوەر دەگرن؛ دەبنە هۆکاری ژەهراویبوونی بەرهەمەکان.

هەروەها هاووڵاتییان دەڵێن: ئەگەر ئەو بەنداوە ئاوگیری بکرێت بەهۆی گلدانەوەی ئاوەکە، ئەو بەنداوە دەبێتە سەرچاوەی بۆنی پیس و ئەگەری هەیە گوندەکانی دورووبەری ئەو بەنداوە چۆڵ بکرێن.

ئاوگیریکردنی ئەم بەنداوە بەپێی ئەم بارودۆخە، بە واتای گلدانەوەی زێراوەکانە کە تەنیا قەیرانێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.