کاسبکارێکی دیکەی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دا

ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی سپای پاسداران، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بانەمەڕ، کاسبکارێکی کورد، بە ناوی \"ئەسعەد بۆرکە\"، تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی سڵێمان، خەڵکی گوندی \"سۆغانلوو\"ی شاری پیرانشار، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

ئەم کاسبکارە کوردە لە شوێنێک بە ناوی \"خێوەتگە\"، لە بەرزاییەکانی شاری شنۆ، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە.

ئەم کاسبکارە پیرانشارییە، دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و ئەو هێزانەش بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە.

تەرمی ناوبراو بۆ شوێنی لەدایکبوونی ڕاگوێزراوە و ئەسپاردەی خاک کرا.