ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی بەرزان نەسروڵڵازادە بوو
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی عەقیدەتی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بە ناوی "بەرزان نەسروڵڵازادە" بوو.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لەو ڕاگەیەندراوەدا ڕایگەیاندووە: "بەرزان نەسروڵڵازادە، لە موسڵمانانی سوننی و کوردی ئێرانی لە تەمەنی ١٧ساڵیدا لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە و لە ڕێکەوتی ٢٩ی مانگی مەی ساڵی ٢٠١٠ دەسبەسەر کراوە. بەرزان بۆ ماوەی چەند مانگ لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە و بەبێ ئەوەیکە هیچ جۆرە دەسپێڕاگەیشتنێکی بە بنەماڵەکەی هەبێت و بەبێ بوونی پارێزەر لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بووە و ناچار بە دانپێدانان دژی خۆی کراوە".
ئەو ڕێکخراوەیە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "بەرزان نەسروڵڵازادە باسی لە ئازار و ئەشکەنجە بەتایبەت لێدان، هەڵواسین، شووکی ئەلکتریکی، ئازار و ئەشکەنجەی خۆی کردووە. دادگای ناوبراو نادادپەروەرانە بووە و لە ماوەی لێپرسینەوەیدا ناچارە کراوە لە پێش کامێراکان دژی خۆی دانپێدانان ئەنجام بدات".
هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "پاش ئەو دادگا نادادپەروەرانەیە، لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی دوژمنایەتی لەگەڵ خودا (محاربە)، پەیوەندی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان و بەشداری لە پیلانی تێرۆر، بەتایبەتی تێرۆر لە ڕێکەوتی ١٧ سێپتامبری ساڵی ٢٠٠٩ کە بوو بەهۆی کوژرانی ڕووحانییەکی سوننی مەزهەبی سەر بە دەوڵەت، مەحکووم کراوە".
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە دەڵێت: "دیوانی باڵای وڵات حوکمی لەسێدارەدانی بەرزان نەسروڵڵازادەی لە مانگی ئاگوستی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی پشتڕاست کردووەتەوە و ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ئاگادار کراوەتەوە کە دیوانی باڵای وڵات هیچ ئاماژەیەکی بە تەمەنی ئەو هاووڵاتییە کە ژێر ١٨ ساڵی بووە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەی، نەکردووە".