چەندین هاووڵاتی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا، لە هەوڵێکدا، دەستیان بە دسبەسەری بەربڵاوی هاووڵاتییان لە شاری مەریوان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەریوان دەستیان بە دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری مەریوان کرد کە لە کۆبوونەوەی پشتیوانیی ڕۆژئاوادا بەشدارییان کردبوو.

هەواڵنێری کوردپا ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی ١٥ کەس ڕاگەیاندووە کە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

سەرچاوەی باوەڕپێکراوی کوردپا شوناسی هەندێک لە دەسبەسەرکراوەکانی: "کەماڵ کۆنەپۆشی"، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سەوزی چیا، "هیمەت کەریمی"، "دیاکۆ تابا"، "موبین نادری"، "ئومید حەق پەرەست" و "موبین کەریمی"، ڕاگەیاندووە.

دەوترێت هەندێک لە دەسبەسەرکراوەکان لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی شاری مەریواندا دەسبەسەر کراون.

دوانێوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ١٩ی ڕەزبەر، هاووڵاتییانی شاری مەریوان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و مەحکوومکردنی دەوڵەتی تورکیە بەڕێوەبرد کە ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە دەستێوەردانی هێزە ئینتزامییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە.