چالاکێکی ژینگەپارێزی بە زیندان مەحکووم کرا
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی بۆ "هادی کەمانگەر" چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی کامیاران ڕاگەیەندرا.
ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو چالاکە لەگەڵ ٩ چالاکی ژینگەپارێزیی دیکە بە ناوەکانی "هادی کەمانگەر، بەختیار کەمانگەر، عیسا فەیزی، مەهدی قوبادی، ڕاشد مونتەزەری، خالید زەمانی و فەرزاد حوسێنی، سیروان قوربانی، فازڵ قوەیتاسی و ئامانج قوربانی" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای لاینگەری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بەڕێوە چووبوو.
لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی ٨ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی بۆ "فازڵ قوەیتاسی" چالاکی ژینگەپارێزی، "ئامانج قوربانی" کارناسی باڵای ژینگە و فەرمانبەری ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری کامیاران و "سیروان قوربانی" چالاکی ژینگەپارێزی ڕاگەیەندرا.
بەپێی ئەو حوکمە ڕاگەیەندراوە، "ئامانج قوربانی" بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانیی تەعزیری، "فازڵ قوەیتاسی" بە دوو مانگ زیندانیی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی و "سیروان قوربانی" بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری و ٣ ساڵ تەعلیقی، مەحکووم کران.