چالاکانی مەدەنیی مەریوان نیگەرانی باری تەندروستیی "ئارام فەتحیـ"ـن
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مەدەنیی مەریوان، سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی "ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراو، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.
چالاکانی مەدەنیی مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی پۆستگەلێک سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی "ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراو، نیگەرانیی خۆیان دربڕی.
بە وتەی چالاکانی مەدەنیی مەریوان، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی "ئارام" لەبەر دەستدا نییە و تەندروستیی ناوبراو بەهۆی نەخۆشیی "ڕۆماتیسمـ"ـەوە لە مەترسیدایە و دەبێ بەردەوام سەردانی دوکتور بکات و لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بێت.
چالاکانی مەدەنیی مەریوان وێڕای مەحکوومکردنی دەسبەسەرکردنی "ئارام فەتحی"، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە بەرپرسی پاراستنی گیانی ئەو چالاکە مەدەنییە دەزانن.
ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، "ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی مەریوان، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.