هەنگی سنووری دەستیان گرتووە بەسەر ٢٣٥ سەر ئاژەڵ لە سنووری پاوە و سەلاسی باوەجانیدا

جێگیری فەرماندەی هەنگی سنووریی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای کرماشان، باسی لە دەسبەسەرداگرتنی ٢٣٥ سەر ئاژەڵ لە سنووری شارەکانی پاوە و سەلاسی‌ باوەجانی، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابروودا، کرد.

"ئەمیر هوشەنگ نەزەری" لە وتووژێک لەگەڵ هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاند: "مەئموورانی هەنگی سنوورپارێز لە کاتی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، لە سنوورەکانی پاوە و سەلاسی باوەجانی دەستیان بەسەر ٢٣٥ سەر ڕەشەوڵاخ و مەڕ و بزندا گرت".

ئەو بەرپرسە نیزامییە بەهای دەسبەسەرداگرتنی ئەو ٢٣٥ سەر ئاژەڵەی بە ٧ میلیارد ڕیاڵ بەراورد کردووە.

لەو پەیوەندییەدا شەوی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەر، هەنگی سنووریی پایگای "بێزڵ" لە سنووری سەلاسی باوەجانی دەستیان بەسەر ٩٧٠ سەڕ "کاوڕ"ی  پێنج کاسبکاردا گرت.