فەرهاد عەبدوڵڵاپوور: حوکمی ئێعدامکردنی براکەم (هیدایەت) لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ جێبەجێ کراوە
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە شاری شنۆ جێبەجی کراوە.
فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، وڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: "حوکمی ئێعدامکردنی براکەم (هیدایەت) لە یەکێک لە پادگانەکانی شاری شنۆ جێبەجێ کراوە".
ناوبراو دەڵێت: "ئیدارەی باری تاکەکەسیی شاری شنۆ، "گەواهیی فوتـ"ـی بۆ هیدایەت عەبدوڵڵاپوور تۆمار کردووە و ڕۆژی ئێعدامکردنی، ٢٢ی بانەمەڕ ڕاگەیاندووە.
بە وتەی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، حوکمی ئێعدامکردنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بە ئامادەبوونی بنەماڵەی کوژراوەکانی شەڕی قەرەسەقەل بەڕێوە چووە.
هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.
"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شاری شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٩ ڕۆژ پاش شەڕی نێوان پێشـمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.
"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.
مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەپاند.
ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.
دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم کراوە بە ئێعدام، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووەمین کەڕەت بە ئێعدام مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.
دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.