شوناسی چوار دەسبەسەرکراوی کورد لە سنە و مەریوان ڕوون بووەوە
ئاژانسی کوردپا: شوناسی چوار هاووڵاتیی ناڕازیی دەسبەسەرکراو لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی سنە و مەریواندا، ڕوون بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "پەیمان فەرەیدوونی" خەڵکی گەڕەکی شەریف ئاوای شاری سنە، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لەلایەن مەئموورانی حکوومەتەوە دەسبەسەر و لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، خێزاندار و کرێکارە و بۆ ئازادکردنی داوای بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی دەکەن.
لەو پەیوەندییەدا، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "بەهمەن گرامیان، حەبیب شەریف نژاد و شێرزاد ئەدوایی"، خەڵکی مەریوان، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە مەریوانییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.
وێنە: شێرزاد ئەدوایی و پەیمان فەرەیدوونی