"سیرووس عەباسی" بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، "سیرووس عەباسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ناوەندەی پەروەردەیی "زانست" و "سیرووس عەباسی" و "فەریدە وەیسیـ"ـیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، "فەریدە وەیسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمە، بەنیسبەت ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسلاح و تەربیەتی سنە، دەستی دابووە مانگرتن، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.
ڕۆژی هەینی ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، "سیرووس عەباسی" پاش ڕەخنە لە ڕێبەری نیزام و بارودۆخی نالەباری هەنووکەیی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ٢١ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتە لە زیندانی قوروە ئازاد کرا.
پاش دەسبەسەرکردنی "سیرووس عەباسی" و "فەریدە"ی هاوژینی لە ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانبار، "ئازاد عەباسی" لە کاتی بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی براکەی و هاوژینەکەی، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان لەگەڵ هەڵسوکەوتی نەشیاوی مەئموورانی ئیتلاعات بەرەڕوو بووەوە و دەسبەسەر کرا.
"ئازاد عەباسی" ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە، پاش تەواوکردنی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.