سیاوەش حەیاتی، دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

ئەمڕۆ هەینی ١ی ڕەزبەر، سیاوەش حەیاتی، دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد و وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە گوندی "وەرگمە"ی شاری داڵاهۆ لە سەر بڕیاری دادستانیی ئەو شارە، دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، پاش ناشتنی جەنازەی "مینوو مەجیدی" یەکێک لە ناڕازییان به قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، باسی لە کوژرانی ئەو ژنە  کردبوو.

سیاوەش حەیاتی لە گرتە ڤیدیۆیەکی حەوت خولەکیدا، دەڵێت: "لە شیرەی گیانی ئێمەیە، حەقدەستی ئەوانە دەدەین کە گیانمان بپارێزن، بەڵام ئەوانە بە جێگای پاراستنی گیانی ئێمە، ڕەحم بە گەورە و چووکەمان، ناکەن".