١٠ ساڵ زیندان بەسەر "زارا محەممەدیـ"ـدا سەپا

17:26 - 24 پووشپەڕ 2720

"زارا محەممەدی"، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بە تۆمەتی "دانانی دەستە و گرووپ دژ بە نیزام بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، ۱۰ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

دوایین دادگاییکردنی "زارا محەممەدی" ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چوو و ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانییەکەی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ٩٨، "زارا محەممەدی"، مامۆستای دەسبەسەرکراوی زمانی کورد و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

"زارا محەممەدی"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردانی ٩٨، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و هەتا ١٠ی جۆزەردانی هەمان ساڵ لە شوێنیکی نادیار لە ژووری تاکەکەسیدا بوو و دواتر بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و شوێنی ڕاگیرانەکەی دواتر بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاند.

دواتر زارا محەممەد لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی وتبووی کە لە ماوەی ٨ ڕۆژ کە لە ژووری تاکەکەسیدا بووە، لەژێر گوشاردا بووە هەتا ناچار بکرێت دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام بدات.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٩٨، "زارا محەممەدی"، بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بۆ دادگای ئینقلابی شاری سنە برا.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" سەبارەت بە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی "زارا"، دژکردەوەی نیشان دابوو و ڕایگەیاندبوو: "لە کاتێکدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە کە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نییە و تەنیا تاوانی، ڕاهێنانی منداڵان بە زمانی کوردییە".