زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەک بۆ زیندانیی تەعلیقی گۆڕدرا
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ٤٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەدا، بۆ پێنج ساڵ زیندانیی تەعلیقی گۆڕدرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی ٤٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری "کوورش ئاغەوەیسی"، کوڕی "مەحیەدین"، خەڵکی گوندی "دۆڵاو"ی شاری سنە، لە دادگای پێداچوونەوەی ئەو شارەدا، بۆ ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی گۆڕدرا.
دادگای ئینقلابی شاری سنە، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها ١٥ ساڵی تر بە تۆمەتی "گواستنەوە و هەڵگرتنی کەرەستە نیزامی" مەحکووم کردبوو.
ئەو هاووڵاتییە سنەییە، ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، دەسبەسەر و پاش ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە حوکمەکەی، دادگای ئینقلابی شاری سنە، ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی، ناوبراوی بە شێوەی کاتی ئازاد کرد.
"کوورش ئاغەوەیسی" لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری بووە و پێش لە بڕینەوەی حوکمی یەکجارەکی، دادگای پێداچوونەوە ئیجازەی چوونە دەرەوە لە شاری سنەی بە ناوبراو نەداوە.