زیندانییەک به تۆمەتی \" کوشتنی به ئەنقەست\" لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا

20:35 - 10 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک لە زیندانی ورمێ، لە لایەن بەرپرسانی ئەم زیندانەوە جێبەجێ کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی بەفرانبار، زیندانییەک به ناوی \"زەمان ڕەزایی\"، تەمەن ٦٢ ساڵ، کوڕی ستار، خەڵکی میاندواو له بەندی ١ی ڕەوان دەرمانیی زیندانی ناوەندیی ورمێ به تۆمەتی \" کوشتنی بەئەنقەست\" لەسێدارە درا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی بەفرانبار، ئەم زیندانییە هاوکات لە گەڵ دوو زیندانیی دیکه به ناوەکانی \" چەنگیز ئێرانی\" لە بەندی ١ی ڕەوان دەرمانی و \" پژمان پیری\" له بەندی ٣ـ٤ ی گشتی گوازرانەوە بۆ بەندی تاکەکەسی، کە ئەم دوو زیندانییە به وەرگرتنی ڕەزایەت له بنەماڵەی قوربانیان گەڕێندرانەوە بۆ بەندی گشتی.

زەمان ڕەزایی، که لە ساڵی ٩٢ـەوە لە زینداندا بوو، بە تۆمەتی \" کوشتنی بەئەنقەست\" لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدان مەحکووم کرابوو.

تا ئێستا، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە لە لایەن ناوەندە یاسایی و هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.