دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لە پیرانشار و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی تر لە سنە
ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەزا قوربانی" کوڕی "ئەسعەد"، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە گەڕەکی "کارگەی قەند"ی پیرانشار دەسبەسەر کراوە.
هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی کوڕەکەیان بیئاکام ماوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یاسر ئەدوایی" خەڵکی گوندی "سلێنـ"ـی بەخشی هەورامان لە سەوڵاوا، یەک مانگ پێش بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و دەسبەسەر کرابوو.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە هۆکاری دەسبەسەری و چارەنووسی کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەو پەیوەندییدا خۆ دەبوێرن.