دۆخی تەندروستیی شەعبان محەممەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان لە زیندانی ئێڤین نالەبارە

11:12 - 9 گەلاوێژ 2722

دۆخی تەندروستیی جەستەیی شەعبان محەممەدی لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە زیندانی ئێڤین نالەبارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سێنفییە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ هاوژینەکەیدا باسی لە نالەباری کۆئەندامی هەرەس، ڕیخۆڵە و گورچیلەکانی خۆی کردووە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو دەوا و دەرمانە نوێیانەی کە دراوە بە شەعبان محەممەدی، باری تەندروستیی ناوبراوی، نالەبارتر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو چالاکییە سێنفییە لە ئەگەری پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درێژەی ڕەوتی نایاسایی دەسبەسەربوونی لە ڕۆژی شەممە ١٥ی گەلاوێژەوە، دەست بە مانگرتنی وشک دەکات.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، ئەو چالاکە سێنفییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندبوو کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

پێشتر و لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠دا، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.