ئاژانسی کوردپا: بەرگی دووەمی پڕۆژەی ئەدەبیی "رۆچنەیەک بۆ ئەدەبی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان" تایبەت بە شێعری کوردی، چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ١ ساڵ لەچاپ و بڵاو کرانەوەی بەرگی یەکەمی پرۆژەی ٥ بەرگیی "رۆچنەیەک بۆ ئەدەبی کوردی لەرۆژهەڵاتی کوردستان"، دووەمین بەرگی ئەو پرۆژە ئەدەبییە لە ئامادەكردنی "شەریف فەلاح" چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری سنە، چاپ و بڵاو كرایەوە.

شەریف فەلاح، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری سنە

بەرگی دووەمی ئەم پڕۆژەی ئەدەبییە كە تایبەتە بە شرۆڤە و شیکاریی قۆناغ و رەوتەکانی شێعری کلاسیک، بەرگری و هاوچەرخی کوردی لە رۆژهەڵات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی و لە دووتوێی٧٢١ لاپەڕە و بە هەژماری ٥٠٠ دانە بڵاو کراوەتەوە.

ئەو چالاكە ئەدەبییە ماوەی زیاتر لە چوار سالە کە بەم پرۆژەیەوە سەرقاڵە كە سەرجەم ٥ بەرگ لەخۆ دەگرێت کە بۆ تاوتوێ‌، شیكاری و پۆلێن بەندیی قۆناغ و بزاوتە فەرهەنگی و ئەدەبییەكان تەرخان کراوە.

نووسەر لەم کتێبەدا دیمانە و وتووێژی لەگەڵ نووسەر، زمانەوان، شاعێر، چیرۆكنووس و چالاكانی فەرهەنگی و ئەدەبیی كوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان لە ئیلامەوە هەتا سەڵماس و ماکۆ و تەنانەت شاعیرە کوردەکانی ئوستانی خۆراسان پێکهێناوە.

لەو پڕۆژە ئەدەبیەدا كە هەر بەرگێكی بۆ ژانر و تەوەرێكی ئەدەبی لە كوردستانی ئێران تەرخان كراوە، بە مێتۆدی مێژوویی ـ لێكۆڵینەوەیی و دەست‌نیشان كردنی قۆناغ و بەستێنە ئەدەبییەكانی هەر ژانرێک كار كراوە و بەرفرەیی و بەشداریی زۆری ئەدیب و نووسەران و چالاكانی فەرهەنگی و ئەدەبیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكان، هاتنە گۆڕی بیروڕای جیاواز لە دووتوێی بابەت، لێكۆڵینەوە و تەوەرەكانی وتووێژ لە خاڵە بەرچاو و بەرجەستەكانی ئەم پڕۆژە ئەدەبیەن و هەوڵێكی بچووک و سەرەتاییە لەراستای لێكۆڵینەوە و نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی كوردی لە کوردستانی ئێران.