ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین لە درێژەی چالاکییەکانیدا و بە بۆنەی شەوی یەڵدا و بە بەشداریی رێژەیەکی بەرچاو لە شاعیران و ئەدیبانی کورد، کۆڕێکی ئەدەبیی بەرێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاتژمێر ٨ی ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز کۆرێکی ئەدەبی و شاعیرانە لەشاری مەریوان بۆ یادی شەوی یەڵدا رێکخرا کە تیایدا "خەلاتی ساڵ" پێشەکشی جەلال مەلەکشا شاعیری ناسراوی کورد کرا.

سەرەتای رێوڕەسمە پەیامی ناوەندی ڤەژیـن لەلایەن "عەدنان ناسری"یەوە خوێندرایەوە و دواتر جەلال مەلەکشا میوانی تایبەتیی رێوڕەسمەکە شێعرەکانی "کاروان کاروان"، "هەڵۆ" و ئێوارێی غەریب"ی پێشکەش بە بەشداران کرد.

خەڵاتی "بەڕووی زێڕین" بۆ رێزگرتن لە تەمەنێک تێکۆشانی لە بواری ئەدەب و فەرهەنگی کوردیدا، پێشکەشی شاعیری کورد جەلال مەلەکشا کرا

لە بڕگەیەکی دیکەدا فیلمی " بەرد" لەدەرهێنەریی پەرویز رۆستەمی نمایش کرا و پاشان گرووپی مۆسیقای ناوەندی ڤەژین چەند پارچە مۆسیقایەکی پێشکەش کرد و دواتریش "شەوچەرە و هەنار" لەنێو میوانەکاندا بڵاو کرایەوە.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا شاعیری کورد کیوومەرس ئەمیری ناسراو بە لەک ئەمێر و دواتریش شاعیری لاو ئارام فەتحی و هەروەها شادی سەعدوڵڵاهی و ئەنوەر رەوشەن، عەلی حەیدەری شاعیری کوردی خەڵکی خۆراسان، کەماڵ ئەمینی، گوڵاڵە دروودیان، شنۆ جوانڕۆیی و یوونس رەزایی شێعریان بۆ میوانان خوێندەوە.

لەو رێوڕەسمەدا کە هەتا کاتژمێر ١١ی شەوی خایاند، عەدنان بەرزەنجی ژیننامەی جەلال مەلەکشای خوێندەوە و پاشان خەڵاتی "بەڕووی زێڕین" بۆ رێزگرتن لە تەمەنێک تێکۆشانی لە بواری ئەدەب و فەرهەنگی کوردیدا، پێشکەشی شاعیری کورد جەلال مەلەکشا کرا.

جەلال مەلەکشا ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی "مەلەکشا"ی سەربە ناوچەی سنە لەدایک بووە و لەماوەی تەمەنی فەرهەنگی و شاعیریی خۆیدا چەندین بەرهەمی ناوازای ئەدەبی و شێعریی خولقاندووە و هەتا ئێستا بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی، فەڕانسی، ئینگلیزی و رووسی تەرجەمە کراون.