ئاژانسی كوردپا: بەرگی یەكەمی پڕۆژەی ئەدەبیی "رۆچنەیەك بۆ ئەدەبی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان" لە ئامادەكردنی "شەریف فەلاح" لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی"یەوە چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەرگی یەكەمی پڕۆژەی ئەدەبیی 5 بەرگیی "رۆچنەیەك بۆ ئەدەبی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان" كە تایبەتە بە زمان و ئەدەبی زارەكی لە ئامادەكردنی "شەریف فەلاح" شاعیر و چالاكی ئەدەبیی خەڵكی سنە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی و لە 550 لاپەڕە و بە هەژماری 500 دانە چاپ و بڵاو كرایەوە.

ئەو چالاكە ئەدەبییە ماوەی زیاتر لە سێ‌ ساڵە سەرقاڵی ئەم پڕۆژەیە كە سەرجەم 5 بەرگ لەخۆ دەگرێت و تایبەتە بە تاوتوێ‌، شیكاری و پۆلێن بەندیی قۆناغ و بزاوتە فەرهەنگی و ئەدەبییەكان و هەروەها دیمانە و وتووێژ لەگەڵ نووسەر، زمانەوان، شاعێر، چیرۆكنووس و چالاكانی فەرهەنگی و ئەدەبیی كورد لە شارە جیاجیاكانی كوردستانی ئێران.

لەو پڕۆژە ئەدەبیەدا كە هەر بەرگێكی بۆ ژانر و تەوەرێكی ئەدەبی لە كوردستانی ئێران تەرخان كراوە، بە مێتۆدی مێژوویی ـ لێكۆڵینەوەیی و دەست نیشان كردنی قۆناغ و بەستێنە ئەدەبییەكانی هەر ژانرێك كار كراوە و بەرفرەیی و بەشداریی زۆری ئەدیب و نووسەران و چالاكانی فەرهەنگی و ئەدەبیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكان، هاتنە گۆڕی بیروڕای جیاواز لە دووتوێی بابەت، لێكۆڵینەوە و تەوەرەكانی وتووێژ لە خاڵە بەرچاو بەرجەستەكانی ئەم پڕۆژە ئەدەبیەن و هەوڵێكی بچووك و سەرەتاییە لەراستای لێكۆڵینەوە و نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی كوردی لە كوردستانی ئێران.

ـ شەریف فەلاح، شاعیر و چالاكی ئەدەبی لەدایك بووی ساڵی 1353ی هەتاوییە لە شاری سنە
_ لەبارەی ئەدەبیات و هونەرەوە، نووسینی کۆمەڵێ نووسەری بیانی، وەرگێران یەکەم بەرهەمیەتی کە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن "بەڕیوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی"یەوە چاپ کراوە
ئەم بەرهەمانەشی ئامادەی چاپن:
١– جادەکان دەگەنە دەریا، کۆمەڵە شیعر
2ـ چەند تێڕامانێك لە حكوومەتی هەڵبژێردراو، جان ئیستوارت میل، وەرگێڕان
3 ـ حیكایەتەكانی ئەو ساڵانە "چیرۆك ـ عەلی ئەشرەف دەروێشیان"، وەرگێڕان
4ـ ژیانێكی‌تر كورتە چیرۆكی ئیتالیایی "ئەلبێرتۆ موراڤیا"، وەرگێڕان
5 ـ مێژووی نەورۆز‌و كڕۆنۆلۆژیای ئێران "مێژوویی"، وەرگێڕان
6 ـ نەشتەرگەری شێت، یۆرگن تورواڵد "رۆمان"، وەرگێڕان
٧ ـ كۆكردنەوەی دوو چیرۆکە شێعری رەسەنی کوردی بەناوەکانی ( عەزیز و كوبرا و وەنەوش و بەڕەزا) بە هاوکاریی حەسەن سەلیمی