ئاژانسی کوردپا: ٤ قوتابیی نموونەی کوردی خەڵکی شاری سنە گەیشتنە قۆناخی کۆتایی ئولەمپیادە زانستییەکانی وڵاتی ئێران.

بەشی راگەیاندنی ئیدارەی پەروەردەی ئوستانی کوردستان بڵاوی کردەوە، ٤ قوتابیی نموونە و بلیمەتی قوتابخانەی "بەهەشتی"ی شاری سنە بەناوەکانی "محەممەد ئارەشی زەرنشان و ئەمیر محەممەدی وەحدانی" لە رشتەی "بایۆلۆژی" و "کیا ئێراندۆست و ساعید حوسێنی" لە رشتەی "کیمیا"دا توانیان لە قۆناخی کۆتایی ئولەمپیادە زانستییەکانی وڵاتی ئێراندا بەشداری بکەن.
ئەو تاقیکردنەوانە لە ٧ رشتەی وەک: بیرکاری، فیزیک، کیمیا، بایۆلۆژی و ژینگەناسی، کۆمپیوتێر، ئەدەبی و ئەستێرە ناسی"دا بەرێوەچوو کە لە هەر رشتەیەکدا ٤٠ هەتا ٦٠ قوتابی بەشداربوون کە لە کۆتاییدا ئەو ٤ قوتابییەی خەلكی شاری سنە سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.

"هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا "ئەمیر رەزا غوڵامی" قوتابیی بیرتیژ و بلیمەتی قۆناخی ناوەندی و خەڵکی شاری ئابدانان، توانی لە ئۆلەمپیادی سەرتاسەریی قوتابییانی ئێراندا بەشداری بکات.
ئولەمپیادی قوتابیانی نموونە هەموو ساڵێک لە ژێر چاوەدێریی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتی ئێراندا بەڕێوە دەچێت و قوتابیانی سەرکەوتوو لەلایەن باشگای زانستیی وەزارەتی پەروەردەوە رەوانەی ئۆلمپیادە جیهانییەکان دەکرێن.





