حەفتەی سێیەمی مانگی بەفرانبار ١٣٩١ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زەق کردنەوەی هەرچی زیاتری مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا،"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

"بەرموور" بە مەبەستی بەڵگەمەند کردنی ئەو راپۆرتە و بڵاوکردنەوەی را و سەرنجی چالاکانی بورای ژنان، لێدوان و وتوێژ لەگەڵ ئەو چالاکانە پێک دێنێت و بڵاوی دەکاتەوە.

راپۆرتە ئەم حەفتەیە خۆکوژی کچێک لە کرماشان، گلەیی و گازندەی کچە فڕۆکەوانێک، بەرابەر بوونی دیەی ژن و پیاو لە وڵاتی ئێران، ئاماری بێکاری لە نیوان ژنان، و زەخت و گوشار بۆ سەر ئەندامێکی شۆرای شاری هەمەدان، کوژرانی ژنێک بەدەستی مێردەکەی خۆی وهەڵاواردنی رەگەزی لە زیاتر لە ١٠ هەزار پۆلی خوێندن لە پارێزگای ئیسفەهان لە خۆ دەگرێت.

کوردستان
چیرۆکی بێ کۆتایی خۆکوژی ژنانی کورد

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە ، کچێکی خەڵکی کۆزەران سەر بە شاری کرماشان بە هۆکاری نادیار و بە چەک خۆی کوشتووە.

شلێر فەرهادی ٢٣ ساڵە و خەڵکی گوندی "قەلە گلێنەی"کۆزەران لە پارێزگای کرماشان رۆژی هەینی ١٥ی بەفرەنبار دەستی دایە خۆ کوژی و بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەم کچە کە خاوەن بڕوانامەی لیسانسی زانستە سیاسییەکانە لە مانگی رەزبەر ساڵی پێشوو دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ مانگ لە شوێنێکی نادیار راگیرابوو و پاشان ئازاد کرا بوو.

پێشتر و لە رۆژی ١٢ی بەفرەنبار لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە نیوی"ئە،ح" کە دووگیانیش بووە ، لە شاری پیرانشار دەستی داوەتە خۆ کوژی و گیانی لە دەست داوە.

ناهید موکری یەکێک لە چالاکی بواری ژنان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا هۆکارەکانی لە سەرێ بوونی رێژەی خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنانی لە ناوچە کوردنشینەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو:

ناهید موکری

- سەرکوت و زەبر و زەنگ و نەدۆزینەوەی رێگەی دەرباز بوون لەو دۆخە سەپێنراوە.
- زەخت و گوشاری دەروونی لەمەڕ پارێزگاری کردنی ژانن لە شەرەف و نامووس کە بە توندی گرێدراوی مەسەلەی سێکسیی ژنانە.

- چاوەدێریی کۆمەڵگە بەسەر ژیانی شەخسیی تاکەکان و پێش داوەری و بڕیار دان لەمەڕ هەڵسووکەوتەکانی ژنان و پەرچەکرداری بنەماڵەکانیان.
- پێناسەی هەڵە و نادروست لە کاری ژنان و خولقاندنی دۆخێکی دووپاتە و ناتەندروستی ناوماڵ بەسەر ژنان و کچاندا.

- نەبوونی دەرفەتی کار کردن بۆ ژنان و چەوساندنەوەیان لە ناو ماڵدا بەکەڵک وەرگرتن لە کاری بەردەوام و بە بێ مووچە، بەتایبەت لە گوندەکان کە ژنان کاری ئاژەڵداری، وەرزێری و باخداریش هاوسانی پیاوان ئەنجام ئەدەن.

- قەتیس کردن و رێگر بوون لە خوێندن و کار کردنی ژنان بەهۆی کێشەی ئابووریەوە.

- نەبوونی پەیوەندیی ئازادانەی ژن و پیاو بەر لە هاوسەرگیری
- پێویستە بگوترێ لە رۆژی ١٢ی ئەم مانگەدا ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی " ا - ج" کە د٢ گیانیش بووە دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لەدەست داوە.

بڕۆ شوو بکە، کارت بە فڕۆکەوانی چییە!؟

خەدیجە سەیفی

خەدیجە سەیفی کچە فڕۆکەوانی کورد بە راگەیاندووە ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵە بۆ دابین کردنی تەنیا بەشێک تێچووی خوێندنی خۆم سەردانی سەرجەم بەرپرسانی و تەنانەت نوێنەرانی پارێزگای کرماشانیشم لە مەجلیس کردووە و هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەداومەتەوە.

بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە ژاکاو و پەرێشان دیارم، بێ گومان ئاکامی کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانێکە کە پێیان دەڵێن بەرپرس!!!

لە وڵاتی ئێران تەنیا ٩ ژن لە زانستگەی فڕۆکەوانی سەرقاڵی خوێندنن کە بە هۆی ژن بوونیانەوە هیچکامیان هاوکارییان ناکرێت و کەوتوونەتە پەراوێزەوە.

ئەو کچە فڕۆکەوانە کوردە ئاماژەی بەوەشدا، مەگەر ئەرکی بەرپرسان پێڕاگەیشتن بە کاروبار و کێشەی هاووڵاتییاندا نییە؟ مەگەر من یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە نیم؟ ئایا هەندێک هاوکاری تاکە ژنێک کە لە پارێزگای کرماشانەوە کە لە خولەکانی فڕۆکەوانیدا سەرقاڵی راهاتنە، کارێکی نابەرپرسانەیە کە بەرپرسان ئەنجامی نادەن؟ خۆزگە بمزانیبا کاری بەرپرس و بەرپرسان لە وڵاتی ئێمە چییە؟
خەدیجە سەیفی باسی لەوەش کرد، ماوەیەک پێش ئێستا سەردانی یەکێک لە بەرپرسانی پاریزگای کرماشانم کرد بەڵکو یارمەتیم بدات کە بتوانم هەندێک وام وەر بگرم، بەڵام ئەو بەرپرسە لەو پەڕی بێ‌شەرمیدا نامەکەی دایەوە بە سەروچاومدا و پێ راگەیاندم، بڕۆ مێــرد بکە و لە ماڵەوە دانیشیشە، کارت بە فڕۆکەوانی چییە؟

دیەی ژن و پیاو بەرابەر دەکرێن

بەپێێ مادەی ٣٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی دیەی ژنی موسڵمان نیوەی دیەی پێاوە، جا ئەو کوشتنە ئانقەست بێت یان غەیرە ئانقەست، بۆیە دیە یەکێک هەڵاواردنە بەرچاوەکانی یاسای حکوومەتە ئیسلامییەکان دێتە ئەژمار.

بە وتەی "جەواد تەهماسبی" یەکێک لە بەرپرسانی دەزگای دادەوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەپێێ یاسای نوێی "سزادانی ئیسلامی" دیەی ژن و پیاو بەرابەر دەبنەوە.

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار "تەهماسبی" بەرپرسی گشتیی نووسینەوەی لەوحەکانی دەزگای قەزایی رایگەیاند: لەمەو بەدوا دیەی ژن لەگەڵ دیەی پیاو بەرابەر دەکرێت و بەپێی ئەو یاسایە بەشێک لە دیەی ژن لەلایەن سندووقی دابین کردنی خەسارە گیانییەکان دەدرێت.

بەپێێ مادەی ٣٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی دیەی ژنی موسڵمان نیوەی دیەی پێاوە، جا ئەو کوشتنە ئانقەست بێت یان غەیرە ئانقەست، بۆیە دیە یەکێک هەڵاواردنە بەرچاوەکانی یاسای حکوومەتە ئیسلامییەکان دێتە ئەژمار.

یاسای سزادانی ئیسلامی لە ساڵەکانی ٩٠ هەتا ٩١ چۆتە بەر پێداچوونەوە و ماوەیەک پیش ئێستا بەمەبەستی پەسند کران رەوانەی شۆڕای نیگابان کراوە.
بەرابەریتی دیەی ژن و پیاو یەکێک لە داواکانی کەمپەینی ١ میلیۆن واژۆ بۆ بەرابەری بووو کە زۆربەی ئەندامانی ئەو کەمپەینە لەالیەن هیزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لەژێر چاوەدێریدا بوون و زۆربەشیان بە ناچاری وڵاتیان بەجێهێشت.

١ میلیۆن واژۆ ناوی گەڵاڵەیەکی سەربەخۆ و کۆمەڵایەتییە کە کۆمەڵێک لە چالاکانمافەکانی ژنانلە ناوخۆی ئێران لە رێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٨٥ی هەتاوییەوە پێک هاتووە و ئامانج لەو گەڵاڵەیە کۆ کردنەوقەی ١ میلیۆن واژۆ بۆ لابردنی هەڵاواردن لە ناو یاساکانی دژی ژنان بوو.

حەشیمەتی ٨٣٠ هەزار کەسیی ژنان بێکار و ئەگەری زیاد کردنی ئەو رێژەیە بۆ ١٠٠ هەتا ١٥٠% لە ماوەی ساڵی داهاتوودا

بەپێی دوایین ئامارەکان کە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردبۆوە ٩،٢٠% بووە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٤،٤% یان خاوەن پیشەی نیوە وەخت بوون.

"زەهرا ئەخەوان نەسەب رایس"
کۆمیسیۆنی ژووری بازرگانی و پیشەیی پارێزگای " ئیسفەهان" رۆژی ١٧ی بەفرانبار رایگەیاند: لە ئستادا رێژەی ئەو ژنانەی کە بەدوا کاردا دەگەڕێن ٨٣٠ هەزار کەسە و ٨٠٠ هەزار کچیش لە زانکۆکانی سەرقاڵی خوێندنن، واتە ٢ بەرابەری رێژەی سەرجەم ژنانی بێکار لە ئاستی ئێران دایە بۆیە لە ئەگەری ئاوڕ لێنەدرانەوەی پێویست و نەبوونی پلان رێژیی دروست، لەماوەی ٣ هەتا ٤ ساڵی داهاتوو ئەو رێژەیە بۆ ١٠٠ هەتا ١٥٠% روو لە زیاد بوون دەکات.

پێشتریش "عەلی رەزا مەحجووب" بەرپرسیی گشتیی "خانەی کاریگەر باسی لە زیاد بوونی ٥%ی رێژەی بێکاریی ژنان لە ساڵی ١٣٩٠ بەنیسبەت ساڵی ٨٥ کردبوو.

بەپێی دوایین ئامارەکان کە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردبۆوە ٩،٢٠% بووە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٤،٤% یان خاوەن پیشەی نیوە وەخت بوون.

مێهر نووش راغب: لە وێنەکەدا تەنیا دەسماڵم بەسەرەوە نەبوو بۆیە ئامادە نیم دەست لەکار بکێشمەوە

هەڕەشەی دەرکردن لە ئەندامێکی شۆرای شاری هەمەدان لەمەڕ بڵاو بوونەوەی وێنەیەکی بێ حیجابی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بڵاو بوونەوەی وێنەیەکی مێهنووش نەجەفی راغب لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دژکردەوەی توندی بەرپرسانی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

حوسێن قەهرەمانی موتڵەق فەرمانداری هەمەدان لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند: ئەگەر ئەندامانی شۆرای ئیسلامیی ئەم شارە کە لەو ماوەیەدا نوێنەرایەتیی خەڵکیان لە ئەستۆیە، بەهەر شێوەیەک یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان پێشێل کردووە، دەکرێ بەپێێ یاسا هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بکرێت.

ئەو ئەندامەی شۆرای شاری هەمەدان لە وێبلاگی شەخسیی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە کە بەرپرسان داوایان لێکردووە بە بێط دەنگی دەست لە کار بکێشێتەوە، بەڵام مێهرنووش رایگەیاندووە کە تەنیا لەبەر بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی بێ دەسماڵ دەست لەکار ناکێشمەوە.

پێاوێکی ئێرانی ژنەکەی خۆی لە سەر شەقام کوشت
رۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لە شەقامی موتەهەری شاری ساوە بە زەبری چەقۆ ژنەکەی خۆی کوشتو دواتر خۆیشاردەوە.

"درودگەر" دادوەری گشتیی شاری ساوە لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند: کوشتنی ئەو ژنە لەسەر کێشەی بنەماڵەیی بووە و مایەک پێش ئێستیا ئەو کیشەیە لە ناو ئەو بنەماڵەیەدا هاتۆتە ئاراوە.

ماوەیەک پێش ئێستا ئەو ژنە لەمەڕ لیدان و توند وتیژی، سکاڵای لەسەر مێردەکەی تۆمار کردبوو و بەپێی یاسا زیندانی بۆ بڕابۆوە کە دواتر بڕیار بوو لە زیندان ئازاد بکرێ و ژنەکەی تەلاق بدات کە پاش ئازاد بوون بە زەبری چەقۆ لەسەر دڵی ژنەکەی دابوو و گیانی لێ ئەستاندبوو.

بەم پێیە پرسیارێک لای کارناسان و چاوەدێران دروست دەبێ کە پێشتر کوشتنی ژنان بە دوور لە چاوی خەڵک و بە نهێنی بوو،، بەڵام ئێستا بۆچی تاوانێکی لەم چەشنە لەسەر شەقامە گشتییەکان روو ئەدات؟

هەڵاواردنی رەگەزی لە ١٠ هەزار پۆلی خوێندن لە زانستگەکانی پاریزگای ئیسفەهان
"مەیسەم ریاحی" جێگری بەرپرسی بەشی فەرهەنگی "ستاد امر بە معروف و نهی از منکر"ی پارێزگای ئیسفەهان رۆژی سێ شەممە باسی لە هەڵاواردنی رەگەزیی لە ١٠ هەزار پۆلی خوێندی زانستگەکانی ئەو پارێزگایە کرد.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لە قوتابخانە سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندییەکانیش بڕیاری پۆشینی جل و بەرگی ئیسلامی بەتەواوەتی دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو بەرپرسە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردوە، بەرپرسانی زانستگەکانی ئەو پارێزگایەی ئەرکدار کردووە کە ماوەبەماوە کۆبوونەوەی "امر بە معروف و نهی از منکر" بەڕێوە بەرن.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە پێش نوێژانی پارێزگای ئیسفەهان ئشکرای کرد، کە گەلاڵەی هەڵاواردنی رەگەزی لە پۆلەکانی خوێندن چۆتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و دوابەدوای گەڵاڵەی جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە خوێندنگە و زانکۆکان، کۆمەڵێک گەڵاڵەی دیکەی وەک: دەرکردن و خانەنشین کردنی مامۆستایانی جیابیر، ئاڵوگۆر لە ناوەرۆکی کتێبەکانی خوێندن لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی "علوم"ەوە هاتوونەتە ئاراوە.

سەرچاوەکان: ئیسنا، فارس، پەیام