بە دەسبەسەرکرانی موبین مەجیدزادە ژمارەی دەسبەسەرکراوانی میاندواو گەیشتە ٧ کەس

16:14 - 7 رەشەمه 2724

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "موبین مەجیدزادە" خەڵکی گوندی "گامێش گوڵی" سەر بە شاری میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵەیە و ناوبرایان دەسبەسەر کردبوو.

بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی میاندواو گەیشتووەتە ٧ کەس. تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سدیق عەباس‌نژاد" خەڵکی گوندی "قەڵای هۆلاکۆ" سەر بە شاری میاندواو، "بێهزاد بەرجەستە"، "کەیوان بەرجەستە"، "شەهاب تەوەوان"، "نیما قوربان‌زادە" خەڵکی گوندی "برایمئاوا"ی شاری میاندواو و "خالق ڕەحیمی" خەڵکی گوندی "گامێش‌گوڵی" دانیشتووی گوندی "شیناوای" شاری میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.