بە دەسبەسەرکرانی کەماڵ ئاخرەتی، ژمارەی دەسبەسەرکراوان و بانگکراوانی سنە گەیشتە ١٥ کەس
٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ بە دەسبەسەرکرانی کەماڵ ئاخرەتی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە ژمارەی دەسبەسەرکراوان و بانگکراوانی ئەم شارە لە ماوەی شەش ڕۆژدا لە ٢٩ی بەفرانبارەوە هەتا ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، گەیشتە ١٥ کەس.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کەماڵ ئاخرەتی هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ٣ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتیی بە سزای سێدارە لە شوێنی کارەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لە درێژەی شەپۆلی بانگکردن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە سنە، ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، فەرانەک ڕەفیعی، چالاکانی مەدەنی و کرێکاری و هەروەها ڕەفیق کەریمی، لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە" و چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بانگی ئیتلاعاتی سنە کران و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کرا.
فەرانەک ڕەفیعی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە لە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.
کوردپا پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ٢٩ی بەفرانبارەوە هەتا ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ تاکوو ئێستا ١١ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون. هەروەها سوهەیلا مەتاعی پاش دەسبەسەرکران و کرانەوەی دۆسییە ئازاد کرا.
ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون باس لەوە دەکەن کە ژمارەی دەسبەسەرکران و بانگکرانەکان زیاتر لەوە بووە و درێژەی هەیە.