حاجی بەرزه، وانەبێژی زمانی کوردی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا
ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣، حاجی بەرزه، وانەبێژی زمانی کوردی لە ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی "بەیان" و برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی کورد، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر محەممەدی" بە ٥ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، حاجی بەرزە بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
ئەم وانەبیژی زمانی کوردییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، حاجی بەرزە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
حاجی بەرزە برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەلکی گوندی "چیانە" سەر بە شاری پیرانشارە کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.