سزای بەندکرانی ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی دەسبەسەکراوی ناڕەزایەتییەکان بە ٢٨ مانگ بەندکران گۆڕدرا

11:17 - 15 رەزبەر 2724

سزای بەندکرانی ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی دەسبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە لە ٢١ ساڵ بەندکرانەوە بۆ ٢٨ مانگ گۆڕدرا.

بەپێی ئەم سزایە کە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە دەرکراوە و ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر بە پارێزەرەکەی ژینا مودەڕس گورجی ڕاگەیەندراوە، ناوبراو لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن" بێتاوان ناسراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخانی نیزام" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.  

ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد کەرەمی" بە تۆمەتەکانی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی نیزام" بە ١٠ ساڵ بەندکران، "هاوکاری لەگەڵ گرووپ و دەوڵەتانی دوژمن" بە ١٠ ساڵ بەندکران و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.

بەپێی سزای دەرکراو، نموونەکانی ئاماژەپێکراو دژی ئەم چالاکە کوردە "دامەزراندنی ئەنجومەنی ژیڤانۆ بە بیری فێمێنیستی و بە مەبەستی ڕووخاندن"، "بەشداریی ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و وتنەوەی دروشمی پێکهاتەشكێن" "پێوەندی لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕش"، "بەشداری لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێونەتەوەیی"، "بڵاوکردنەوەی وتار لە سۆشیاڵ میدیا و وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوە بە مەبەستی خراپ نیشاندانی دۆخی وڵات و ئاڵۆزکردنی کۆمەڵگە لە کاتی هەستیاردا پاش مەرگی ژینا ئەمینی" ڕاگەیەندرا.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بۆ وەپاڵدانی تۆمەتە ئاماژەپێکراوەکان و بەتاوانبار ناسینی ژینا مودەڕس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەستبوو. ئەم دادگایە هەروەها جێبەجێکرانی سزای ئەم چالاکی بواری ژنانە لە بەندیخانەی سنە بە هۆی "ئەگەری چالاکیی خراپکارانەی ئەمنییەتی" نیشانەی "خراپەکاربوونی ئەمنیەتی" زانی و بە پشتبەستن بە مادەی ٥١٣ی ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە هەمەدان دیاری کرد.

لەلایەکی دیکەوە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، لە پێوەندی لەگەڵ "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست و هاندانی خەڵک بۆ کردەوەی توندوتیژانە" دادگای کەیفەری ٢ی سنەی وەکوو بەرپرسی بەدواداچوون بۆ ئەەم دۆسییە ڕایگەیاند و دۆسییەکەی ڕادەستی ئەم لقە کردبوو.
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢، ژینا مودەڕس گورجی، پاش ٨٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی، بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

بانەمەڕی ١٤٠٢، لقی یەکی لێپرسینەوە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، سکاڵای ژینا دژی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لەمەڕ زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی، بێبەریکردن لە یاساکانی یاسای بنەڕەتی، ڕفاندن، لێدان و توندوتیژی و بێڕێزی بە مرۆڤەکانی ڕەت کردەوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی لەمبارەوە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی "عەلیڕەزا فاریابی"، بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، سکاڵاکەی ژینا مودەڕس‌گورجیی ڕەت کردەوە.

ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان، ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەوە بۆ بەندی گشتی ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، ژینا مودەڕس ‌گورجی دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا. 

ژینا، لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک مییلیارد تمەن بەرز کردەوە.

ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."