مەریوان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی عەلی ڕۆحی
سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی عەلی (پشکۆ) ڕۆحی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێگەی پێوەندیی تلۆفینییەوە بانگی ئیتلاعاتی مەریوان کراوە و پاش ئامادەبوون لەم ناوەندە دەسبەسەر کراوە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: عەلی ڕۆحی پاش دەسبەسەرکران لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ڕۆحی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە، منداڵێکی هەیە و خەڵکی گوندی "ئەسراوا"ی مەریوانە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.