ڕەحمەت ئابجامە لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا

03:36 - 22 خەرمانان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، ڕەحمەت ئابجامە، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی مەهاباد، هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ماوەی بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە دوو ساڵ و ٨ مانگ بەندکران سزا درابوو و ئەو سزایەش لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ دوو ساڵ کەم کرابووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ئەو شارە، ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠١، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١، ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گۆڕەپانی "ئیستقلال"ـی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

 هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ڕەحمەت ئابجامە خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.