کیانووش چراغی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا

20:31 - 11 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کیانووش چراغی، هاووڵاتیی خەڵکی دێهلۆڕان پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.

ئەم هاووڵاتییە، ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام و هەڵکەوتوو لە دێهلۆڕان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید ڕەزا سەلاحەدینی" بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درابوو.

هەروەها لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا، کیانووش چراغی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی لە ڕێگەی سامانەی کامپیۆتری" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری دێهلۆڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حوسێن پەناهی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری و نووسینی ٢٠٠ لاپەڕە لە بەسەرهات، ڕاسپاردە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ١٠ کەس لە کوژراوانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بە دەستوخەتی خۆی کە لەلایەن بونیادی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بایەخەکانی دفاعی موقەدەسی پارێزگای ئیلام پشتڕاست کرابێتەوە، سزا درا.

شەوی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.

 ئەم فەرمانبەرە پێشووەی تەئمین ئێجتماعیی دێهلۆڕان ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١یش لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ ئازاد کرابوو.