بەندیخانەی ورمێ؛ ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی کورد نێردرایە مورەخەسی

18:04 - 23 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕەشەمە، ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، بۆ یەکەمین جار لە ماوەی بەندکرانیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، نێردرایە مورەخەسی.

دوابەدوای ڕەتکردنەوەی بەردەوامی داواکاریی نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەم بەندکراوی سیاسییە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێوە، چاوی چەپی ناوبراو تووشی کێشەی بینین بووە.

ساڵی ١٤٠٠، حوکمی ئێعدامی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە پشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیونی لێخۆشبوون، بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

مانگی خەزەڵوەری ٩٩، ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هێزی دادوەری، خوازیاری پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسیەکەی و بەڕێوەبردنی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بە دوور لە دزە و گوشاری مەئموورانی حیفازەتی ئیتلاعات بووە.

پێشتر دیوانی باڵای وڵات لەژێر گوشاری سپای پاسداران، حوکمی ئێعدامی ئەرسەلان خودکامی پشتڕاست کردبوو.

ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ٩٧، بە تۆمەتی "سیخووڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، دواتر بۆ زیندان ڕاگوێزرابوو و ٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ، لەلایەن لقی ١ی دادسەرای نیزامیی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.