هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

20:04 - 26 رەزبەر 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕەزبەر، هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی سەقز، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

پێشتر ئەم چالاکە مەدەنییە، نەشتەرگەریی پشتی کردبوو و لە دابڕگەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەدا، لە شوێنێکی نەگونجاودا ڕاگیرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، ٨ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بیانووی ڕادەستکردنی کەرەستەی قوتابییان "نوشت‌افزاری"، بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕژانە ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکران ڕەوانەی بەشی دابڕگەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە کرابوو و دادگا قەراری یەک مانگەی دەسبەسەرکرانی کاتیی بۆ دەرکردبوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە بیاڤی منداڵان، ژنان و یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانەی کە پێداویستیی تایبەتییەیان هەیە، چالاکی دەکات.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.