کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە؛ هێرۆ قەدیمی لە دۆخێکی خراپدایە

03:31 - 6 رەزبەر 2723

هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی سەقز، لە دابڕگەی کانوونی ئێسڵاح و تەبییەتی سنەدا لە دۆخێکی خراپدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر نەشتەرگەریی  بۆ کراوە و لە کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنەدا لە شوێنێکی نەگەنجاو ڕاگیراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێرۆ قەدیمی لە ٩ ڕۆژ پێشەوە هیچ پێوەندییەکی تلفۆنی و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەرمانان، ٨ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبیانووی ڕادەستکردنی کەرەستەی قوتابییان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕژاونەتەوە ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە بیاڤی منداڵان، ژنان و یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانەی کە پێداویستی تایبەتییەیان هەیە، چالاکی دەکات.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.