بە یادی موحسن نیازی کە بوو بە دەنگی مەهاباد

16:36 - 1 گەلاوێژ 2723

موحسن نیازی، خۆپیشاندەری خەڵکی دێولان، ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە مەودای نزیکەوە بە فیشەکی هێزە ئەمنییەتیی_سەرکوتکەرەکان، گیانی لەدەست دا و کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ، شێوازی گیانلەدەستدانی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی گیانلەدەستدانی موحسن نیازی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، موحسن نیازی، شەوێک پێش گیانلەدەستدانی، بە بینینی کوشتنی لاوان لە شاری مەهاباد، لە ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا پاڵپشتی لە مەهاباد کرد و نووسیی: "دەنگی مەهاباد بین"، و بەیانییەکەی چووە سەر شەقام، هەمان ڕۆژ دێولان بە نیشانەی پاڵپشتی لە شۆڕشی ژینا، لە مانگرتندا بوو و لاوانی شۆڕشگێری دێولان، هاتنە سەر شەقامەکان و بەنیسبەت کوشتنی ناڕازییان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

دەمەقاڵەی موحسن نیازی لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان و تەقەکردنی ئەوان لە موحسن؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بە وتەی شایەتحاڵان، موحسن لەگەڵ یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان تووشی دەمەقاڵێ بووە و ئەو کەسەش لە مەودای نزیکەوە تەقەی لە نێوقەدی موحسن کردووە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان پێشیان بە یارمەتیگەیاندنی خەڵک و کادری دەرمانی گرتووە و بە تەقەکردن لە پەرستارەکان، بوونە هۆی ئەوەی کە موحسن نیازی درەنگ بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: موحسن پاش ڕاگوێزرانی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بە هۆی توندیی برینەکانییەوە، ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتژمێر ١٠ی شەو، لە هەمان نەخۆشخانەدا گیانی لەدەست دا.

هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر نەخۆشخانە و تەقەکردن لە بنەماڵەی نیازی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بە هێرشکردنە سەر حەوشەی نەخۆشخانەی کەوسەر و دەرگیربوون و تەقەکردن لە بنەماڵە و کەسوکاری موحسن نیازی، هەوڵیان دا تەرمەکەی بڕفێنن کە بە یارمەتیی خەڵکی دێولان و کۆبوونەوەی لاوانی سنە لە دەوروبەری نەخۆشخانەی کەوسەر، هەوڵەکەیان سەری نەگرت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرمی موحسن نیازی بە شانازییەوە و بە پێشوازیی بەربڵاوی خەڵکی دێولان لە گۆڕستانی ئەم شارە بە خاک سپێردرا.

پێشنیاری وەرگرتنی دیە و تۆمارکردنی ناوی موحسن نیازی لە بونیاد شەهید؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشنیاری تۆمارکردنی ناوی موحسن لە بونیاد شەهید و هەروەها وەرگرتنی دیەیان بە بنەماڵەی نیازی داوە، بەڵام ئەوان ئەم داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، ئێمە لە خوێنی موحسن خۆش نابین و مامەڵە بە خوێنەکەی ناکەین و خوازیاری وەرگرتنی مافی خۆمانین.

گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی نیازی بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن، حەفتە و چلەی موحسن؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هەرچەند لە بنەماڵەی نیازی کەسێک دەسبەسەر نەکراوە، بەڵام ئیتلاعات چەند جار پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەی نیازی گرتووە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش هەڕەشەیان لێ کردوون کە مافی بەڕێوەبردنی هیچ ڕێوڕەسمێکیان نییە، بەڵام پاڵپشتیی خەڵکی دێولان لە بنەماڵەی نیازی و هۆزی نیازی، وای کرد کە هێزە سەرکوتکەرەکان نەتوانن کارێک بکەن و ڕێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردن، حەفتە و چلەی موحسن، بە بەشداریی خەڵکی دێولان بەڕێوە چوو و لە هەموو ڕێوڕەسمەکانیشدا، هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکان بەشدار بوون.

موحسن نیازی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: موحسن نیازی لە مێرمنداڵییەوە، مرۆڤێکی زەحمەتکێش و دروستکار بووە کە کاری ئارماتۆربەندیی کردووە و پاش چەند ساڵ وەکوو پەیمانکار درێژەی بە کارەکەی داوە.

ناوبراو حەزێکی زۆری لە وەرزشی بۆکس بووە و لەم بوارەدا چالاک بوو و جارجاریش لەگەڵ گرووپ وەرزشی شاخەوانیشی کردووە.

موحسن نیازی، مرۆڤێکی ئارام و لەسەرەخۆ بووە و هاوشارییەکانی وەکوو کەسێکی میهرەبان، دڵسۆز و دەم بە بزە دەیانناسی.