ئەندامێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان باسی لە هێرشی ئارپیجی بۆ سەر سەرکردایەتی ئەو حیزب کرد

ئارام مودەرسی ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە فەیسبووکی شەخسیی خۆیدا نووسیوویەتی: "کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو بە کاتی کوردستان، لە سەر جادەی قەرەداخ_سلێمانی، دەستێکی نادیار بە ئارپیجی هێرشی کردە سەر ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بانەگەورە".

ئەو ئەندامەی کۆمەڵە نووسیوویەتی: "بە خۆشییەوە ئەم هەوڵە ترسنۆکانە هیچ خەسارێکی گیانی و ماڵی نەبووە و پێش ئەوە ئارپیجییەکە بگاتە تەلبەندی ئۆردووگایەکه، تەقیەوەتەوە".

لەلایەکی دیکەوە، ئەمجەد حوسێن‌پەناهی بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو بەهۆی ئەو هێرشە هەر سێ کۆمەڵەکە لە ئامادەباش دابوونه و ئاسایشی سلێمانیش لەو ڕووداوە ئاگادار کراوەتەوە".

بە وتەی ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، بەرپرسانی ئەو حیزبە لەسەر ئەو باوەرن بێجگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران ، کەس دوژمنی ئەوان نییە و هیچ کەس و لایەنێکی دیکە کارێکی لەو چەشنە ناکەن.