راپۆرت/ خەڵكی كوردستانی ئێران: داهاتی ئەمڕۆمان بۆ خەڵكی شنگال و کۆبانی

16:08 - 23 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: كەمپەینی پشتیوانی لە ئاوارەكانی شنگال و کۆبانی لە كوردستان گشتگیرتر بۆتەوە و هاووڵاتییانی كورد بە ناردنی یارمەتیی وەكوو خۆراک، پارە و كەلوپەلی پێویست پێشوازییان لە كەمپەینەكە كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوابەدوای هێرشی چەکدارانی دەولەتی ئیسلامی (داعش) بۆ ناوچە كوردنشینەكانی كوردستانی عێراق و سووریا، ژمارەیەكی بەرچاو لەهاووڵاتییانی كورد بە تایبەت لەشنگال ئاوارەی چیاكان بوون.

دەگوترێت كە زیاتر لە ٣٠ هەزار كوردی ئیزەدی لەحاڵی حازردا لە چیای شنگال گیرییان خواردووە و بەبێ‌بوونی هەموو ئیمكاناتێكی ژیان لە ترس و دڵەڕاوكێدا ژیان بەسەر دەبەن و ژمارەیەك لەو هاووڵاتییانەش رزگارییان بووە و هەنووكە لە هەرێمی كوردستان و ئوستانی دهۆك نیشتەجێ‌كراون، بەڵام لە دۆخێكی نالەباری گوزەران و دەروونیی دان.

هەر لەو پێوەندییەدا بە مەبەستی یارمەتی دانی ئەو ئاوارانە، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٥‌ی گەلاوێژ لەشاری سنە كەمپەینی پشتیوانی لەخەڵكی کۆبانی و شنگاڵ بە ئامانجی\" مرۆڤ دۆستانە\"‌وە راگەیەندرا.

ئیجلال قەوامی وتەبێژی كەمپەینی پشتیوانی لەخەڵكی کۆبانی و شنگاڵ بەئاژانسی كوردپای راگەیاندووە، \"بەشێك لە كاری كەمپەینەكە بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ مەحكووم كردنی كردەوەكانی دەوڵەتی ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵك دەبێت، بەڵام هاوكاتیش كۆنسێرت و كۆڕی شێعریش بەڕێوە دەبەین و داهاتەكەی بۆ لێقەوماوان و ئاوارەكان تەرخان دەكرێت\".

\"21465.jpg\"
رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٢‌ی گەلاوێژ، بەڕێوەبەرانی ئەو كەمپەینە لەگەڵ مامۆستا حەسەن ئەمینی \" حاكمی شەرعی كوردستان\" لەشاری سنە چاوپێكەوتنیان هەبووە.

حەسەن ئەمینی وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆی لە خەڵكی کۆبانی و شنگال، وتوویەتی: \" پێویستە ئەمڕۆ خەڵكی كورد یەكدەنگ و یەگڕەنگ پشتیوانی لەبرا كوردەكانیان بكەن\".

هاوكات لەگەڵ كردنەوەی ئەو كەمپەینە، لەشاری پاوەش چالاكانی فەرهەنگی و مافی مرۆڤ بە هاوكاریی شۆرای شار كەمپەینێكی یارمەتیی كۆكردنەوەیان بۆ ئاوارەكانی شنگال وەرێ‌خستووە.

\"21464.jpg\"
شاری جوانڕۆش لەو هاوكارییانە بێبەری نەبووە و هاووڵاتییانی ئەو شارەش کەلووپەلەکانی وەکوو پێخەڤ، خۆراک و پارەی نەختیان کۆکردۆتەوە و تەنانەت مێرمنداڵێکی (كچ) گۆارەكانی گوێچەکەی پێشكەش بە كەمپەینەكە كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێكەوتی ٢٣‌ی گەلاوێژ لەشاری مەریوان هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ كوردەكانی کۆبانی و شنگال دەستی پێكردووە و چالاكانی فەرهەنگی و ئەنجومەنی سەوزی چیای ئەو شارە لە ژێر دروشمی \" كۆكردنەوی یارمەتی بۆ شنگال، كێ‌ئەتوانێ‌بەشدار نەبێ‌\" دەستیان بە چالاكی كردووە.

لەشارەكانی مەهاباد و \"سەردەشت\"‌یش، چالاكانی كورد داوای كردنەوەی مۆڵەتی كەمپەینی هاوكارییان لە ناوەندە پێوەندیدارەكان كردووە و رایانگەیاندووە بە زووترین كات دەیانهەوێ‌پەیوەست بە ریزی شارەكانی دیكەی كوردستان ببن.

بەوتەی هەواڵنێرانی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە شارە جۆراوجۆرەكانی كوردستان، هاووڵاتییانی كورد لە كاتی بردنی یارمەتییەكانیان بۆ كەمپەینەكان، دروشمی \" یارمەتی ئەمڕۆمان بۆ خەڵكی کۆبانی و شنگال\"یان وتووەتەوە.

پشتیوانی نێودەوڵەتی لەكوردە ئیزەدییەكان

چواروڵاتی ئەمریكا، فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان بە ناردنی هاوكاری مرۆیی پشتیوانی خۆیان لە ئاوارەكانی چیای شنگال دەربڕیوە و وتووشیانە ئەو یارمەتییانە بەردەوام دەبێت.

هەر لەو پێوەندییەدا دەوڵەتی باراک ئوباما رایگەیاندووە، یارمەتییەكانی ئێمە لەرێگای ئاسمانەوە بۆ كوردەكان بەردەوام دەبێت، بەڵام حوزووری نیزامیمان لە كوردستان نابێت.

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان وێڕای مەحكووم كردنی كردەوەكانی \"داعش\" راشیگەیاندووە، قەیرانی مرۆیی لەعێراق بەرێوەیە و دۆخی ئەو وڵاتەی بە حاڵەتی \"مەترسیدار لە جۆری پلە سێ‌\" لەقەڵەم داوە.

بان كی مون نیگەرانیی خۆی لە دۆخی عێراق دەبڕیوە و ئەوەشی خستۆتەڕوو، دەیان هەزار كەس لەكوردەكانی عێراق لەترسی \"داعش\" ئاوارەی چیاكان بوون و پێویستە بەزووترین كات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانایانەوە بچێت.

پێشتر هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردبوویەوە، گرووپێک لەشارەزایانی نیزامی و ئەرتەشی ئەمریكا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی چیای شنگاڵ و كوردە ئیزەدییەكان بە فرۆكەی جەنگی چووبوونە ئەو شوێنەو وتەبێژی ئەمریكا ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردبوویەوە، بەڵام خۆی لە دركاندنی وردەكارییەكان بواردبوو.

وتەبێژی كۆشكی سپی وتبووی: دۆخی كوردە ئیزەدییەكان لەوپەڕی خراپیدایە و بۆ هەمیشە ناتوانن لەوێ‌بمێنەوە.

دیوید كامرۆن سەرۆك وەزیری بریتانیاش وتوویەتی: بەرنامەی وردی شیاوی مرۆییان بۆ ئیزەدییەكانی كوردستان هەیە.

دەوترێت دەوڵەتی بریتانیا و فەرانسە بێجگە لەیارمەتی مرۆیی، چەك و چۆڵی قۆرسیشیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە.
\"21451.jpg\"

\"21452.jpg\"

\"21453.jpg\"

\"21454.jpg\"

\"21455.jpg\"

\"21456.jpg\"

\"21458.jpg\"

\"21459.jpg\"

\"21460.jpg\"

\"21461.jpg\"

\"21462.jpg\"