٥ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا «مەنسوور کەربەلایی»، هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو کە لە ڕەزبەری ١٤٠٤دا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ۱۰ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم کرابوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر کرا، پاشان بۆ دادگا گواسترایەوە و لە درێژەدا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، «مەنسوور کەربەلایی»، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۳۰ ساڵان، کوڕی محەممەد و خەڵکی ئاوایی «سەرچنار»ی سەر بە شارستانی مەیاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بەبێ ئەوەی پێشتر جێبەجێکردنی سزاکەی پێ ڕاگەیەندرابێت، ڕەوانەی دادگا کرا و پاشان بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.
پێشتر کوردپا لە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤دا ڕاپۆرتی دابوو کە حەوت هاووڵاتیی کورد لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئەحەد سیامی» مەحکووم کراون. بەپێی ئەم سزایانە، «کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم»، ٤٠ ساڵان و خەڵکی ئاوایی «ترشکان»ی سەر بە مەهاباد، بە تۆمەتی «بەغی» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و «یووسف مام قادری» ٤٠ ساڵان و «هێمن مام قادری» ٣١ ساڵان، هەردووکیان خەڵکی بۆکان، «سالار بایزیدی ئازەر» ٣٦ ساڵان خەڵکی ئاوایی «لج»ی سەر بە مەهاباد، «مەنسوور کەربەلایی» ۳۰ ساڵان خەڵکی «سەرچنار»ی میاندواو، «حەسەن مامیل ئازەر» ٤٥ ساڵان و «سالار سەید ڕەحیمی»، هەردووکیان خەڵکی «گامێش گۆلی»ی سەر بە مەیاندواو، بە تۆمەتی «کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران» هەرکامیان بە ۱۰ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم کراون. سزای «کاوێس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم» بەبێ بوونی خۆی دەرچووە؛ چونکە ناوبراو دوای ئازادبوونی کاتی، بەهۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە ئێران چووەتە دەرەوە.
ئەم حەوت هاووڵاتییە کوردە لە مەودای ٤ تا ٩ی پووشپەڕی ١٤٠١، بەبێ پشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابوونەوە. ئەم کەسانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ کەوتبوونە ژێر ئەشکەنجەوە و لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون. ئەوان دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان گواسترابوونەوە و هەرکامیان بە دانانی بارمتەی قورس تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
«مەنسوور کەربەلایی» کوڕی محەممەد و خەڵکی ئاوایی «سەرچنار»ی سەر بە شاری میاندواو، ڕۆژی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابووەوە و پاشان بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرابوو.





