ئاژانسی کوردپا: ٢٠ چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان، سنە و هەمەدان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢٠ چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان، سنە و هەمەدان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون و پاش چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و هەروەها بەڵێننامە لێوەڕگرتن لەو چالاکانە بۆ بەشداری نەکردن لە چالاکیی فەرهەنگی و مەدەنی ئازاد کراون.
بە وتەی کەیوومەرس فەتحی، چالاکیی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان: "لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە چالاکانی لەک لەگەڵ شەپۆلێک لە دەسبەسەری و ترس لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان، سنە و هەمەدان بەرەڕوو بوونەتەوە و هەتا ئێستا بە تەلەفوون هەڕەشە لە دەیان کەس لەو چالاکانە کراوە".
ناوبراو دەڵێت: "هەروەها شەش کەس لە دەسبەسەرکراوەکان کە لەژێر لێکۆڵینەوەی سپای پاسداران دان بە سازکردنی دۆسیە و دانەپاڵی تۆمەتی بێبنەما، لە گرتووخانەدا ڕاگیراون".
ئەو کەسانەی کە هێشتا لە گرتووخانەدان بە ناوەکانی سەید ئەردەشیر مووسەوی (شاعێر)، شەهریار تەهماسبی (کۆمەڵناس)، مستەفا باقری ئاشنا(ئەندازیار و وەڕگێر لە بیاڤی وێژەی کوردی لەکی)، مێهدی ئازاد بەخت(ئەندازیار و چالاکی ژینگەپاریزی)، بیژەن گراوەند(کۆمەڵناس و چالاکی ئەدەبی) و ئەرسەلان هیدایەتی (کۆمەڵناس و چالاکی مەدەنی) لەگەڵ تۆمەتی بێنەمای جۆراوجۆر ڕووبەڕوو بوونەتەوە".
ئەو چالاکە مەدەنییە کرماشانییە دەڵێت: "هەر چەند بەشێک لە هەواڵدەرییەکان دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییانە دەدەنە پاڵ ڕێوڕەسمێک لە ئیلام، بەڵام ئەو تۆمەتانەی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان خستوویانە پاڵ ئەم چالاکانە هیچ ئاماژەیەکیان بە ڕێوڕەسمی خوێندەوان لە شاری ئیلام نەداوە".





