ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیران لە بەربەری بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆزدا لە کوردستان، ٨ چالاکی مەدەنی ئەو شارەیان بانگهێشت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران ٨ چالاکی مەدەنی ئەو شارەیان بە ناوەکانی "سولەیمان عەبدی"، چالاکی مەدەنی و مامۆستای قوتابخانەکانی سەقز، "موزەفەر ئیبراهیم پوور"، بەرپرسی ئەنجوومەنی ژینگەی سەقز، "حەسەن مەحموودی"، مامۆستای ئایینی، "عەلی حوسێنی"، ڕووماننووس و مامۆستای زمانی ئینگلیزی، "محەممەد عابدی"، مامۆستای قوتابخانەکانی سەقز و مامۆستای موسیقی، "عەتا ڕەحمان زادە"، "لۆقمان قورەیشی" و "هەژیر شەریفی"یان بانگهێشت کردووە.

بانگهێشتی ئەو ٨ چالاکە کوردە لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆزدا بووە و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران بە بانگهێشتی ئەو ٨ چالاکە مەدەنیە لە هەوڵ دان پێش بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز بگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەقز لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئێستا شاری سەقز ئەمنییەتی کراوە و هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی لە هەوڵ دان پێش بە شادی و خۆشی خەڵکی ئەو شارە بگرن.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی"نەورۆزی خاکیپۆشەکان" داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە ڕەنگی خاکی، لەگەڵ جامانە و گوڵوەنی لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز ‌دا بەشداری بکەن.

ئەو بانگەواز و کردەوەیەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان تووڕەیی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.