ئاژانسی کوردپا: بە بەشداری ژمارەیەک لە خاوەنڕایانی بواری فەرهەنگ و وێژەی کورد، دوو شاعێری کورد خەڵکی شاری کرماشان و ئیلام وەکوو "چهرەی" شێعری جوانی کوردی هەڵبژێردران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە، بە بەشداری ژمارەیەک لە خاوەنڕایانی بواری فەرهەنگ و وێژەی کوردی لە ڕێوڕەسمێکدا "خەڵاتی شێعری جوانی کوردی" لە نووسینگەی حەوتوونامەی "دەنگی ئازادی" لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا، محەممەد مورادی نەساری خەڵکی شاری ئیلام و محەممەد جەواد جەلیلیان خەڵکی شاری کرماشان وەکوو دوو " چهرەی" شێعری جوانی کوردی هەڵبژێردران و ڕێز لە چالاکییەکانی ئەو دوو شاعێرە کوردە لە بواری فەرهەنگ و وێژەی کورددا، گیرا.
جەلیل ئاهەنگ نێژاد، بەڕێوەبەری حەوتوونامەی "دەنگی ئازادی" سەبارەت بەو ڕێوڕەسمە لە لاپەڕەی فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: "ڕێوڕەسمێکی گەورەبوو، یەکەمین خەڵات، یەکەمین ڕێزلێنان یان یەکەمین ڕێوڕەسمی ناساندنی "نادەوڵەتی" ڕوخساری جەوانی شێعری کوردی لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو".
ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی: "بەشداری بەرچاوەی زۆربەی کەسایەتییە بەرچاوەکانی بواری وێژەی کوردی لە شاری کرماشان لەو ڕێورەسمەدا نیشانەی هاودڵی و هاوڕێی ئەو خێلە خۆشەویستەیە و هەنگاوێکی قورس و فراوانە دیکەیە هەتا وێژەی ئەو ناوچە کەونارایە بە بەرهەمی زیاتر درێژە بە ژیانی شیرینی خۆی بدات. خۆشحاڵم کە دواڕۆژی وێژەی کوردی بە بەشداری لاوانی بە توانای وەک: محەممەد جەواد جەلیلیان و محەممەد مورادی ئەنساری ڕوونتر لە ئەمڕۆ دەبێت".





