ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای وتەكانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە دژی بەڕێوەچوونی كۆنسێرت لە زانكۆكاندا، نوێنەرایەتیی وەلی فەقیه لە زانكۆكانی ئێراندا بە پەسەندكردنی ئایین‌نامەیەك، بەڕێوەچوونی كۆنسێرت و فێركردنی مۆسیقایان بە تەواوی قەدەغە كرد.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەكانی ئێران، بەپێی ئەو ئایین‌نامەیە، كەڵك وەرگرتن لە مۆسیقا تەنیا بە شێوەی "لاوەكی" و "مەرجدار" لە بەرنامەی كاری زانكۆكاندا ڕێگەی پێ دراوە.

لەو ئایین‌نامەیەدا "ئەركی سەرەكیی زانكۆكان، بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی زانست، هونەر و گەشەپێدانی هێژامەندییە ڕەوشتییەكانە و برەوەپێدانی مۆسیقا بە بەشێك لە كار و ئەركی زانكۆ نازانرێت"، واتە مۆسیقا نەك بە زانست، بەڵكوو بە هونەریش لە قەڵەم نادرێت.

ئایین‌نامەكە هەروەها شەش مەرجی بۆ ئەو جۆرە مۆسیقایە داناوە كە بریتین لە: "بەهێزكردنی شوناسی نەتەوەیی ئێرانی و گونجان لەگەڵ ڕیوشوێنە ئیسلامییەكان"، "ناوەڕۆكی ڕێنوێنیدەر بۆ هاندان بەرەو ئەركە ئەخلاقی، كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئینقلابییەكان"، "بەهێزكردنی ڕۆحی زانستی، باوەڕبەخۆبوون و مەیلی پێشكەوتن"، "كەڵك وەرگرتن لە گۆرانیبێژ و كەسایەتییە ڕێگەپێدراوە فەرهەنگییەكان"، "هەڵنەخڕاندنی هەستە ورووژێنەرە سێكسییەكانی تایبەت بە كۆِڕ و كۆبوونەوەكانی خۆشی و ڕابواردن" و "دووربوون لە شیعر و ناوەڕۆكەكانی هاندەری بێ‌سەروبەری، بێ‌هیوایی، و غافڵبوون لە ئەركی مرۆیی و بەندەگی".

سەرەڕای ئەوەش، مادەی ٤ی ئەو ئایین‌نامەیە، بەڕێوەچوونی كۆنسێرت و بەرنامە سەربەخۆكانی مۆسیقای بە كارێكی دوور لە ئەركەكانی زانكۆ زانیوە و بە گشتی قەدەغەی كردووە.

ئەو ئایین‌نامەیە هەروەها فێركردنی مۆسیقای لە زانكۆكانی ئێراندا قەدەغە كردووە و تەنیا بۆ ئەو خوێندكارانە ڕێگەی پێ داوە كە مۆسیقا بەشێك لە وانەكانی خوێندنیانە.

پێشتر و بەپێی بڕیارێكی دیكەی ڕیبَەری كۆماری ئیسلامی، وەرزارەتی خوێندنی باڵای ئێران بەڕێوەچوونی گەشت و سەیرانی تێكەڵاوی خوێندكارانی كچ و كوڕیشی قەدەغە كردبوو.