ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ دوای هەڵبژاردنی ٧ی ڕەشەمە، لانیکەم ٨ هاووڵاتیی لەو شارە دەستبەسەر کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوای چوار ڕۆژ لە هەڵبژاردنەکانی ئێران، ٥ هاووڵاتی لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ڕاپۆڕتە باوەڕپێکراوەکانی هەواڵنێری کوردپا لەو شارە، باس لە دەستبەسەر کردن و گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بۆ شوێنێکی نادیار دەکات لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە.
هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی شوناسی ئەو ٥ کەسە ئەوەشی خستەڕوو کە؛ دەستبەسەر کراوەکان ٨ کەسن، بەڵام شوناسی سێ کەسیان هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەە.
شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوە بە ناوەکانی "وەلی شەریفی"، "ڕەزا عێزەت تاج"، "محەممەد ڕوویان"، "فاروق شەفاهی" و سابیر ڕەسووڵپوور" ڕاگەیەنراوە.
ئەو سەرچاوەیە تەمەنی دەستبەسەرکراوەکانی لە نێوان ٢٠ هەتا ٣٣ساڵ ڕاگەیاندووە.
شاری شنۆ لە ٧٠ کیلۆمێتری لە باشووری ڕوژئاوای شاری ورمێ هەڵکەوتووە و ٣٥ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.
ئەو ڕاپۆڕتە باس لە چۆنیەتی و شێوازی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییانە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەکات کە هەڵسوکەوتیان زۆر توند بووە و هێندێک لە گیراوەکان لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە بەرەوڕوو بوونەتەوە.
هەتا ئیستا لە هۆکار و هۆی دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٥ هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە و بەدواداچوونی بنەماڵە و کەس و کاریان بۆ ئاگادار بوون لە گیراوەکان، بێئاکام ماوەتەوە.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمە لە لایەن حیزبە کوردییەکان و کێبڕکێی ناتەندرووست و ساردوسڕیی بەربژێرەکان لە شار و گوندەکانی کوردستان، ئەو گومانە بەهێز دەکات کە ئەو کەسانە لە پەیوەندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابن.





